زمان ناسنامە و شوناسی هەر میلەتێکە، پاراستنی زمانی دایک یەکێکە لە بنەماکانی زیندوومانەوە و گەشەکردنی نەتەوە و دروستکردنی داهاتووە.
کۆلیژی پەروەردە/ شەقڵاوە ڕۆژی جهیانیی زمانی دایک بەرزڕدەگڕیت
ئەمڕۆ، شەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦، بەبۆنەی ڕۆژی جهیانیی زمانی دایک، بە چاودێریی بەڕێز پ. د. چەتۆ حەمەدەمین، ڕاگری کۆلێژ، دیدارێکی زانستی و کولتووری لەژێر ناونیشانی (زمان؛ ناسنامە و بوونمانە) لە کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا جگە لە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژ، هەریەک لە بەڕێزان د. مەهدی عوسمان، یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژ و، مامۆستا بارزان شەهید تاهیر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی هیران و، م.خونچە سەباح بەرپرسی دڵنیایی جۆریی کۆلیژ، ژمارەیەک لە سەرۆک و بڕیاردەری بەشەکان و مامۆستایان و قوتابیانی کۆلێژ ئامادەبوون.
دەسپێکی دیدارەکە بە وتەی بەخێرهێنان لەلایەن پ. ی. د. هیوا ئەحمەد عەساف سەرۆکی بەشی زمانی کوردی دەستی پێکرد. پاشان ڕاگری کۆلێژ وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی زمانی کوردی وەک بنەمایەک بۆ ناسنامەی نەتەوەیی. دواتر بە بەشداریی (د،محمەد ئەحمەد- بەڕێوەبەری پانێڵ، م.هونەر کەمال- قسەکەری دیدار، د.باباڕەسوڵ نوری- پانێڵیست، د،سەیوان محەمەد- پانێڵیست، م.عەلی مستەفا- پانێڵیست، م.ئاشتی سەمەد- پانێڵیست، هیمداد عەبدوڵڵا- پانێڵیست) دیدارەکە بەردەوام بوو، تێیدا چەندین بابەتی زانستی سەبارەت بە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی پێشکەش کران. هەر لە درێژەی دیدارەکەدا، چەند پارچە ڤیدیۆی دۆکیۆمێنتاری و تێکستی شیعری لەلایەن قوتابییانیەوە پێشکەشکران، کە تایبەت بوون بە شکۆی زمانی دایک و شانازیی کوردبوون. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ڕاگرایەتی کۆلێژ بە سوپاس و پێزانینەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە پێشکەشکاران و بەشداربووانی دیدارەکە.











