(١) سروشت گوڵمان پێشکەش دەکات، با ئێمە زبڵێ پشکەش نەکەين

هاوڕێ و قوتابییانی ئازیز، مەعریفە زانیاری و زانینە، کورد واتای (ماریفەت و مەعریفەت)ی گۆڕیوە و، لەگەڵ زانیندا چەمکی ڕەوشتبەرزی و ئەتەکێتی لە وشەکە بارکردووە، بۆیە ئەوەی ڕەفتار و گوفتاری نموونەیی بێت پێی دەڵێن “بەماریفەت’، بەپێچەوانەوە پێی دەڵێن “بێماریفەت” یان بێمەعریفەت”، ئەم جیهانبینییە و چاوەڕوانییە لە ناوەندێکی مەعریفیی وەکو زانکۆ، ئەرکی ئێمەی قورس کردووە، لێمان دەخوازێ برەو بە بەهای جوان بدەین، یەکێک لەوانەیە نەریتی ژینگەپارێزییە.

ئاخر ناکرێ کوردستان بەو هەموو جوانییەوە گوڵی زەرد و سوورمان پێشکەش بکات، کەچی ئێمە ڕۆژانە زبڵ و خاشاک لە ئامێزی بهاوین.
هاوڕێیان! لێرەدا بانگهێشتی هەمووان دەکەین بۆ هەفتەی هەڵمەتی ژینگەپارێزی.

ئەمڕۆ لەم بابەتەدا چەند خاڵێک بەبیر خۆمان دێنینەوە:
*هەنگاوی یەکەم لای ئێمەوەیە: با هەرگیز پاشماوەکانمان (بەتایبەت پلاستیک) لە شوێنی نەشیاو فڕێ نەدەین. ئێمە بەرپرسیارین، با نەڵێین “کەس پاکی ناکاتەوە”، با ئێمە ببین بەو کەسەی کە سەرەتایەکی جوان بۆ دەوروبەرەکەی دادەهێنیت.
*با هەوڵ بدەین کەمتر کەلوپەلی سەفەری بەکاربهێنیت، بەکارهێنانی مەتارە بۆ ئاو، قاپوقاجاغی ناوماڵ لەبری سەفەری دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەزاران تەن پلاستیک و، کەمکردنەوەی ملیۆنان دینار خەرجی.
*پاراستنی سەوزایی: باخچەکان و سەیرانگاکان شوێنی حەوانەوەی هەموومانە، کە سەردانمان کردن، لە دوای ئێمە، کەسی ئێمە و هاوزمانی ئێمە سەردانی دەکەن، با بیانپارێزین.

* با ببين بە نموونە: کاتێک هاوڕێیەکمان دەبينيت ژينگە دەپارێزێت، با دەستخۆشی لێ بکەين، ئەگەر هەڵەشی کرد بە جوانی ئاراستەی بکەين.

درێژەی ئەم بابەتە لە کۆمێنتە، دوو پرسیاریشمان کردووە، چاوەڕێی وەڵامی ئێوەین.

بۆچی پاراستنی ژینگە ئەرکی ئێمەیە؟
ژینگە تەنیا دەوروبەری ئێمە نییە، بەڵکو ئەو سیستەمەیە کە ژیانی ئێمەی لەسەر بەندە. (ژیان/ژین+گە) شوێنی ژیانی ئێمەیە، وەک نەوەی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەم وڵاتە، بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی ئێمە گەورەترە. پاکڕاگرتنی ژینگەی زانکۆ و شار و سەیرانگاکان تەنیا ئەرکێکی شارەوانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتمانییە.

چەند ڕاستییەک کە پێویستە بیزانین:
پلاستیکێک کە ئەمڕۆ بە بێباکی فڕێی دەدەین، سەدان ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە و لەو ماوەیەدا خاک و ئاوی ئێمە ژەهراوی دەکات. ئێمە وەک مامۆستا و قوتابی، دەبێت پێشەنگی گۆڕانکاری بین. ئەگەر ئێمە، کە لە ناوەندێکی زانستیداین، ژینگە وەک بەشێک لە ژیانی خۆمان نەبینین، چۆن چاوەڕوان بین کەسانی تر بیپارێزن؟
جگە لەوە پێویستە بەردەوام هەوڵبدەین کاریگەریی باشمان لەسەر دەروبەرمان هەبێت و وزەی ئەرێنی بەوانی تر بدەین. با تەنیا خۆمان پاک نەبین، بەڵکو هۆشیاری بڵاو بکەینەوە. ژینگەیەک کە پاک بێت و بۆنی خۆش و ڕەنگی سەوزی هەبێت، داهێنانیشی تێدا دەکرێت، دڵ و دەروونی تێدا خۆش دەبێت و ساغ دەبێت، نەخۆشیی تێدا کەم دەبێت …هتد.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ژینگەپارێزی بەشێکە لە ئاین و کلتوور و یاسا، بەڵام لای ئێمە هێشتا وەک “کارێکی زیادە” سەیر دەکرێت. پاراستنی ژینگە تەنیا کۆکردنەوەی پلاستیک نییە، بەڵکو پاراستنی ئاوە لە بەفیڕۆدان، پاراستنی دارەکانە لە بڕین و سووتان و، تێگەیشتنە لەوەی کە “سروشت هی باوکی کەس نییە، بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووە.
هاوڕێیان! ژینگە میراتێک نییە لە باو و باپیرمانەوە بۆمان مابێتەوە، بەڵکو قەرزێکە و دەبێت بە ساغی بۆ نەوەکانی داهاتووی جێبهێڵین. با ببین بە نموونەی هەرە جوانی پاکوخاوێنی.

*تۆ چی دەکەیت بۆ پاراستنی ژینگە؟ لە کۆمێنت بۆمان بنووسە.
*تۆ ئامادەیت لە گەشتی داهاتووتدا، کیسەیەکی خۆڵ لەگەڵ خۆت ببەیت و هیچ پاشماوەیەک جێنەهێڵیت؟